مامەڵەکردن لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەبێتە دینار

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان مامەڵەکردن بە دیناری عێراقی بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣  ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان راگەیاندووە "بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر دەریکردووە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا سەرجەم مامەڵەکردنەکان لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بە دیناری عێراقی دەبێت".
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی: "لەماوەی رابردوودا لە بەشێک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە بری دۆلار، دینار بەکارهاتووە، بەڵام هەندێک دەروازەمان مابوو، ئەوانیش سبەی مامەڵەکردن تێیاندا دەکرێتە دینار".
 
 بڕیاری ژمارە ٢٢٧ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ گشتێندراوە و لە رۆژی ١٦ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە" پشتبەست بە حکومەکانی مادەی هەشتەم، لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ژمارە ٣ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، لەسەر پێشنیاری وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاردرا وەرگرتنی رەسمی گومرگی و رەسمی باجی گومرگی لە دەروازە سنووری و خاڵە گومرگییەکان تەنیا بە دیناری عێراقی بێت".
 



PM:08:01:31/10/2023