وەزارەتی کشتوکاڵ سەبارەت بە وەرزی نوێ چاندن جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ سەرجەم جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە بۆ وەرزی نوێ چاندن کە لە ماوەی ٤٥ رۆژدا فۆرمی جوتیاری راستەقینە پڕبکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" پێویستە سەرجەم جووتیاران بۆ وەرزی چاندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لە ماوەی ٤٥ رۆژدا فۆڕمی جوتیاری راستەقینە پڕبکەنەوە کە ئاماژە بە ناوی جوتیار، رووبەری زەوی داچێندراو و بڕشتی زەوییەکەی تێدا بکرێت و پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو ١٥ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت". 
 
وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاندووە" ئامانجی هەڵمەتەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کاتی وەرگرتنی گەنمەکەیانە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتندا بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان".
 
ئەوەشخراوەتەڕوو "سەرجەم فەرمانگەکانیان بە هەماهەنگی لقەکانی یەکێتیی جوتیاران و ئەنجومەنی گوندەکان، لیژنەی مەیدانی پێکدەهێنن و سەردانی زەوییەکانی جوتیاران دەکەن و زانیارییەکان لە فۆڕمێکی ئامادەکراودا تۆمار دەکەن".
 
دەشڵێت "هەموو جوتیاران بەرپرسیارن لە نێوەڕۆکی زانیارییەکانی فۆرمەکە، چونکە ئەو فۆرمە دەبێتە بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ جوتیاران لەکاتی ناردنی لیستی ناوی جووتیارانی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتەکانی بارزگانی و کشتوکاڵی عێراق".



PM:08:10:01/11/2023