ئەمڕۆ خۆپشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە شارە جیاجیاکانی سنووری سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە دوای ٥٣رۆژ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن جارێتر مامۆستایان و فەرانبەران و خوێندکاران رژانە سەر شەقامەکان و لە شارەکانی کەلار ، قەڵادزێ و سلێمانی و رانییە و کۆیەو چەمچەماڵ و شارەزوور خۆپشاندانی فراوانیان ئەنجام دا.
مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند" ئێمە حکومەتی درۆزنمان ناوێ و تا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامە".
لە نێوان خۆپشاندانەکاندا مامۆستایان درۆشمی "تا زووڵمی مووچە مابێ، ئەم شەقامە چۆڵ نابێ " دەوتەوە.
هەروا رایەنگەیاند"ئەوەی مامۆستایان دەستیان داوەتێ پێی ئەوترێ شۆڕش دژی ستەم و نادادی، ئێمە هێچ ئۆمێدێکمان بەم حکومەتە نەماوە".
سەرباری داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، و داواکاری وەزیری پەروەردەی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام ، بەڵام بایکۆت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ماوەی ٥٣ رۆژە بەردەوامە و چەند جارێک لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی ناڕازی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خۆپشاندانیان ئەنجام داوە.