وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: ئەمریکا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەدواداچوون دەکات

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند" ئەمەریکا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکات". 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە " كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و سامانە سروشتییەكان پێشوازیی لە مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد و لەبارەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت و دەرکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کۆنسوڵی ئەمەریکا وتی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم دەکەین و دەزانین ڕاگرتنی نەوت کاریگەریی خراپی بۆ سەر داهات و کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەبووە". 

هەروەها لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا کۆنسوڵی ئەمەریکا وتویەتی، چارەسەرکردنی کێشەی داهات و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز کاری لەپێشینەی سیاسەت و بەرنامەی واشنتۆن دەبێت". 

لە رۆژی ٢٥ی مارسی ٢٠٢٣ وە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی عێراق سکاڵایەکی لە دادگای پاریس بردەوە کە لەسەر هەرێمی کوردستان تۆماریکردبوو، بەو هۆیەوە نەوتی هەرێم لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێت.








PM:10:26:07/11/2023