لەبارەى بوودجە و مووچەوە مەسرور بارزانی دوو نامە ئاراستەی سودانى دەکات

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بە نامەی فەرمی مەسرور بارزانی داوای لە سودانی کردووە پارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ دابین بکات". 

دواى کۆبونەوەکەى شاندى هەرێم و کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئومێد سه‌باح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند" له‌باره‌ی مووچه‌ و بوودجه‌وه‌، مه‌سرور بارزانی دوو نامه‌ی فه‌رمی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناردووە". 

وتیشی" نامەی یەكەم داوا لە سەرۆك وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەكات كە ئەو سێ مانگەی ماوە بۆ مووچەی هەرێم بە هەر میكانیزمێك بنێردرێت". 

ئومێد سەباح ڕاشیگەیاند" نامه‌ی دووه‌م کە له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بوودجه‌وه‌یه‌، ١٥ رۆژ پێش ئێستا نامه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ناردووه‌ و بۆچونی هه‌رێمی تێیدا ڕونكردووەته‌وه‌ كه‌ چۆن بابه‌تی مووچه‌ له‌ بابه‌ته‌كانی دیكه‌ جیا بكه‌ینه‌وه‌، نه‌وت و داهاته‌كانی دیكه‌ش چۆن چاره‌سه‌ر بكرێن". 

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئومێد سه‌باح ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکاتەوە لە وادەی دیاریکراودا، بۆ ئەم مەبەستەش بە فەرمی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەنجامدانی دەنگدان لە مانگی شووباتی ساڵی داهاتوو.


PM:12:35:08/11/2023