هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی یەکێتی و تورکیا دەدرێت

ئەمڕۆ كونسوڵی توركیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی فەرمی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣  لە شاری هەولێر دەرباز کۆسرەت رەسول لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی پێشوازی کرد لە مەولود یاقوت کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکان، لە بەشێکی تری دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تورکیا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی تێکچووە و پێشتریش وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو" سلێمانی لە لایەن پەکەکەوە داگیرکراوە". 


PM:11:38:08/11/2023