مامۆستایانی ناڕازی خۆپشاندان ئەنجام دەدەن

مامۆستایانی ناڕازی بڕیارە رۆژی یەکشەممە بۆ داواکارییەکانیان بێنەوە سەرشەقام و خۆپشاندان ئەنجام بدەن.

كاروخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ڕایگەیاند" یەک شەممە ١٢ی تشرینی دووەمی٢٠٢٣  کاتژمێر١٠ی بەیانی خۆپشاندانی فراوانی مامۆستایانە بۆ درێژەدان بە بایکۆت".

کاروخ عەبدوڵڵا راشیگەیاند" مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێت ئێمە بەردەوام دەبین لە بایکۆت و دەرگای خوێندنگاکان ناکەینەوە و داواشی لە هەموولایەک کردووە کە پشتیوانی مامۆستایان بکەن تا بە مافەکانی خۆیان بگەن".

بە پێی بەیاننامەی مامۆستایانی ناڕازی مەرجەکانی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن بریتین لە:
"پێدانی دوو مووچە و پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان".

 زیاتر لە مانگێکە کە هۆڵەكانی خوێندن لە سنووری (سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و كۆیە و گەرمیان) بەهۆی پێنەدانی مووچەوە، بایکۆت کراوە و مامۆستایان جەخت لە بەردەوامی بایكۆت دەكەنەوە و چەندجارێک بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان خۆپشاندانیان ئەنجام داوە.




PM:07:23:10/11/2023