كۆمپانیایەكی نەوتیی ئامادە نیە هەناردەی نەوتی هەرێم بكات

بەهۆی نەدانەوەی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم، كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی ئامادە نیە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.

بە پێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ملیار دۆلار هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان قەرزارە. لەمبارەوە پێگەی ئۆیل پرایس لە راپۆرتێكدا لە زاری كۆمپانیای DNOی نەرویجی ئاشكرای كردووە "تاوەكو بەرچاو روون نەبن لەبارەی شایستەداراییە دواخراوەكانیان و شایستەكانی داهاتوویان و مەرجەكانی فرۆشتنی نەوت ئامادەنین دەستبە هەناردەی نەوت بكەنەوە”.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەكە، "هەقدەستی كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم دەگاتە یەك ملیار دۆلار كە تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بیدات و قەرزارە”.

پێگەكە لە راپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كردووە، "لە ماوەی رابردوودا لە دوبەی كۆمپانیا نەوتییە وەبەرهێنەرەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشێكن لە كۆمەڵەی ئاپی كور لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق كۆبوونەتەوە و پێشنیاریان كردووە نەوت بەرهەمبهێنن و راستەوخۆ بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی بفرۆشن”.


PM:01:02:11/11/2023