وەزیری نەوتی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردن سەردانی هەرێم دەکات

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو ) ئاشکرای دەکات کە وەزیری نەوتی عێراق  سەردانی هەرێم دەکات و دەمێنێتەوە تا کێشەی نەوت چارەسەر دەکرێت.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەت رایگەیاند" بۆ دۆسیەی نەوت و هەناردەکردنەوەی نەوت سبەی وەزیری نەوت سەردانی هەولێر دەکا و دوو سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە". لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات، سبەی وەزیری نەوت و تیمێکی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

وتەبێژی حکومەتی دەشڵێت " ئەم سەردانە لە سەر رێککەوتنی هەردوو سەرۆک وەزیران بووە تاکو بێنە ئێرەو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی هەرێم و کێشەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن. "

هەروەها دەشڵێت " بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەو بۆ ئەم پرسە دوو بۆ سێ ڕۆژ دەمێننەوە".

رۆژی ٩ ی تشرینی دووەم لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و، یەک کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی وەک پارتی کردو، تا ئێستا ئەو گفتوگۆ بڕیارانە بە نهێنی ماونەتەوە.



PM:07:55:11/11/2023