دوای دوورخستنەوەی حەلبوسی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان.

راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە" کاتژمێر (١:٠٠)ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە بڕگەکانیش تایبەتە بە خوێندنەوەی یەکەمی پێشنیارێک بۆ ھەمواری یاسایی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشکەش دەکرێت". 

لە كارنامەی دانیشتی پەرلەمانی عێراقدا باس لە جێگرەوەی سەرۆكی پەرلەمان نەكراوە، بەڵام وا بڕیارە موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە پشکی شیعەکانە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی دانیشتەکانی پەرلەمان بکات. 

هەروەها بڕیارە ئەمڕۆش چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت وەکو پێکهێنەری حکومەت، لەبارەی رێککارەکانی دیاریکردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان دوو کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدەن. 


AM:08:26:15/11/2023