حەلبوسی: پێشێلکردنی دەستوور لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە مەترسیدارە

سەرۆكی دوورخراوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەدوورخستنەوەی لەپۆستەكەی هاتە دەنگ و دەڵێت« دادگای فیدراڵی دەستوری پێشێلکردووە».

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، محەمەد حەلبوسی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا رایگەیاند، "ئەركی دادگای فیدراڵی پابەندبوونە بەدەستوور، بەڵام دادگاكە ئەو كارەی نەكردووە،ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری پێشێلی دەستوور بكات، لایەنە ناكۆكەكان ڕوو لەكوێ بكەن؟"

ئاماژەی بەوەشدا، دادگای فیدراڵی بە دەرکردنی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیم لە پەرلەمان، دەستووری پێشێلکردووە و ئەمەش کارێکی مەترسیدارە.

وتیشی، "دەستووری عیراقی زۆر بەووردی حاڵەتەكانی دوورخستنەوەی پەرلەمانتارانی دیاری كردووە ئەوانیش گیانلەدەستدان، دەست لە كاركێشانەوە یاخود ئەنجامدانی تاوان و نەخۆشی".


دوینێی سێ شەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق، لەسەر سكاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوەشاندەوە.



PM:02:42:15/11/2023