بەهۆی بەفرەوە رێگەی ٢٦١ گوندی سێ پارێزگای باکووری کوردستان داخرا

بەهۆی بارینی بەفرەوە لە سێ پارێزگای باکووری کوردستان رێگەی ٢٦١ گوند بەرووی هاتووچۆدا داخرا.
 
ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، شەپۆلێکی بەفر و باران بەشێكی زۆری پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، ئەردەخان و قەرس بەهۆی بەفرەوە رێگەی ٢٦١ گوند داخرا. 

خەیرەین چیچەک، پارێزگاری ئەردەخان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند، "ئەگەر زۆر پێویست نەبوو، نابێت هیچ کەسێک بچێتە دەرەوە، هەروەها ئەوانەی ناچارن بچنە دەرەوە، دەبێت زنجیر بۆ تایەکانیان ببەستن".

لە شاری ئەرزەڕۆم و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە، بەهۆی بەفرەوە رێگەی ٢٥١ گوند داخرا، تیمەکانی شارەوانی دەستیان بە کارەکانی تایبەت بە کردنەوەی رێگەکان کردووە، لە پارێزگای قەرسیش رێگەی حەوت گوندی سەر بە شارۆچكەی قاموشان و لە پارێزگای ئەردەخانیش رێگەی سێ گوند، بەهۆی بەفرەوە داخران.
 
لەو دوو پارێزگایەش تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبان دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ کردنەوەی رێگەکان.
 


PM:04:27:20/11/2023