هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبنەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر پرسی دۆلار و پاراستنی هێزە بیانییەکانی وڵاتانی دیکە، لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئالینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەماهەنگی نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێ کرا". 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە میانی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو ئامادەکارییانە کراوە کە بۆ کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی نێوان هەریەکە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی ئەنجامدەدرێت.

سودانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە" عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دپلۆماسی و راوێژکارە سەربازییەکان، هەروەها هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەرکی یاسایی خۆیان لە پاراستنی سەقامگیری خاکی عێراق تێدەپەرێنن".


PM:10:49:20/11/2023