ئەنجوومەنی وەزیران وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی تاوتوێ دەکات

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبێتەوە و تێیدا پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم تاوتوێ بکات.

بەپێی هەواڵێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەن و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە) کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە میلاکی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم دەخاتەڕوو.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیری داد و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە دیاریکردنی چوارچێوەی یاسایی ئەو یاسا و بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە دوای ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردن.

ڕاشیگەیاند" لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دوو بابەت دەخرێنەڕوو سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای چاکسازی کە لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران پێشنیازکراوە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران". 


AM:10:42:22/11/2023