تۆمەتبارێک لە هەولێر بە تۆمەتی" سحر و جادو" دەستگیرکرا و دەرکەوتووە کە دەستدرێژی کردووەتە سەر چەند ئافرەتێک.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند" لەلایەن هێزەکانمانەوە تۆمەتبارێک بە تۆمەتی کاری ( سحر و جادو) دەستگیر کرا، بە بڕیاری دادوەر پشکنین بۆ ماڵەکەشی کراوە و دەست بەسەر ژمارەیەک کەلوپەل کە کاری سحری پێ ئەنجامدراوە گیراوە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە ماڵەکەی تۆمەتبارەکە دەست بەسەر ئەندامی لاشەی ئاژەڵی کێوی دا گیراوە کە بەکاری هێناوە بۆ سحر و جادو کردن".
بەڕێوەبەرایرتی ئاسایشی هەولێر هەروەها رایگەیاند" لەکاتی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە چەندین ئافرەتی فریو داوە و دەست درێژی کردۆتە سەریان بۆ مەرامی خوی به كاریانی هێناوە و سودی مادیان لێ وەردەگرێت".
دەڵێت" داوا دەکەین بەتایبەت لە ئافرەتان کەخۆیان بەدور بگرن لەم جۆرە کەسانەو پەنایان بۆ نەبەن و باوەڕیان پێ نەکەن، چونکە ئەم جۆرە کەسانە دەبنە مایەی کێشە و هەڕەشە ،بۆسەر خۆیان و خانەوادەکەشیان.
هەروەها هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە بەوەی کە هەرکەسێک سکاڵای یاسای لەسەری هەیە بەڕێگای دادگا دەتوانێ سکاڵای لەسەر تۆمار بکات".
ماوەی چەند مانگێک دەبێت هەڵمەتی دەسگیرکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانە دەستی پێکردووە کە سەرقاڵی کاری نوشتە و جادوو و دوحاکردنن، تا ئێستاش چەندین کەس دەستگیرکراون و ڕووبەرووی دادگا کراونەتەوە.