لە ئێران سزای لە سێدارەدان بەسەر خۆپیشاندەرێکی دیکە سەپێندرا

دوێنێ پێنج شەممە کۆماری ئیسلامی ئێران گەنجێکی بە تاوانی "کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان" لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا کە وڵاتی گرتەوە بە نهێنی لە سێدارەدا. 

پێگەی ھەواڵی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە وڵاتی نەرویجە ڕایگەیاندووە" میلاد زوهروەند دوێنێ لە زیندانێکی شاری هەمەدان لە ڕۆژئاوای وڵاتی ئێران لە سێدارە دراوە". 

ڕاشیگەیاندووە" میلاد بە تاوانی کوشتنی ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانێکدا لە شارۆچکەی مەلایر لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە". 

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەشڵێت" زوهروەند هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی پێنەگەیشتووە کە لە سێدارەدانی نزیکە، هەروەها میدیاکانی ناوخۆی ئێرانیش باسیان لە سێدارەدانی زوهروەند نەکردووە کە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بووە". 

ئەمە هەشتەمین حاڵەتی پەیوەندیدارە بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی ژنە گەنجێکی کوردی ئێرانی کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای جل و بەرگ بۆ ژنان لە ئێران دەستگیرکرابوو. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، حکومەتی ئێران لە ماوەی مساڵدا لانیکەم (٦٨٠) کەسی لە سێدارەداوە و زۆربەیان "بە تۆمەتی کوشتن و ماددەی هۆشبەر" سزادراون.


AM:09:41:24/11/2023