فڕۆکەکانی تورکیا بە فراوانی چەندان شوێنی قەندیلیان بۆردومان کرد

ئەمشەو هەینی فڕۆکەکانی تورکیا چەندان شوێنی نزیک گوندەکانی بناری قەندیلیان بۆردومان کردو، تا ئێستا زیانەکان نەزانراون.
  
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) بۆردومانەکە کە نزیکی کاتژمێرێکی خایاندووە، دوای کاتژمێر هەشتـی شەو دەستیپێکردووە و چەندان گوندی بناری قەندیلی گرتۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە گوندەکانی بۆڵێ و زێڕنەکێو و کریسکان کە سەر بە هەردوو ناحیەی ژاراوەو سەنگەسەرن بۆردومان کراون.
بۆردومانەکان نزیکی ئەو گوندانە بووە.
 
تا ئێستا زیانە گیانی و مادیییەکانی ئەو بۆردومانانە نەزانراون.

پێشتر تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی رایگەیاندووە " لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا وەکو نێوەڕاستی مانگی رابردوو، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە ١٠ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ١٢ـی دیکەش برینداربوون".
 
ئەو رێکخراوە ئاشکراشیکردووە لەو ماوەیەدا، لە پارێزگای سلێمانی ٥ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، پارێزگای دهۆک ٤ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگای هەولێریش یەک هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
 

 





PM:09:56:24/11/2023