سوپای توركیا كەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە


بەدوای توندبوونەوەی شەڕ لەنێوان شەڕڤانانی یەپەگە‌و چەكدارانی داعش لەدەوروبەری كۆبانی، سوپای توركیا بە جێگیركردنی تانك‌و سەربازەكانی لەنزیك كۆبانی كەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

بەپێی راپۆرتێكی ئەلجەزیرە چەكدارانی داعش شاری كۆبانییان لەسێ قۆڵەوە گەمارۆداوە‌و بەتۆپ ناوشارەكەیان كردوەتە ئامانج‌و چەند كیلۆمەترێك لەشارەوە دوورن. هاوكات شەڕڤانانی یەپەگە‌و ژمارەیەك گەریلای پەكەكە بەتوندی بەرەوڕووی هێرشی چەكدارانی داعش دەبنەوە‌و شارەكە دەپارێزن.

بەپێی راپۆرتەكە سوپای توركیا پاش توندبوونەوە بارودۆخی ناوچەی سنوریی، چەندین تانكی لە گردەكانی روبەڕوی كۆبانی جێگیركردوە‌و كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ئەمەش لەكاتێكدا كە پۆلیسی توركیا بە گازی فرمێسك رێژ‌و ئاو، رێگە لەو كوردانەی باكور دەگرێت كە بەنیاز سنور بشكێنن‌و بۆ یارمەتی كۆبانی بەرەو ئەودیو سنور برۆن.

پێشبینیش دەكرێت ئەمرۆ سێشەممە حكومەتی توركیا پرۆژە یاسایەك ئاراستەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بكات تا رێگە بە سوپا بدرێت لە كۆبانی شەڕی داعش بكات.



PM:12:35:30/09/2014