ئاسایشی هەرێم: باندێکی ماددەی هۆشبەر دوای روبەڕوبوونەوە دەستگیركران

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت" باندێکی ماددەی هۆشبەر پاش رووبەڕووبوەنەوە دەستگیركران کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە کاتی روبەڕوبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکراوە". 

دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمشەو دووشەممە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش ئه‌مڕۆ لە شاری کەلار ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر، لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیرکردنیان، تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتن و روبەڕوبونەوەی چەکداریاندا". 

ئەوەش هاتووە" هێزەکانی ئاسایش توانیان بەزوترین کات هەرسێ تۆمەتبار دەستگیربکەن و یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی ڕوبەڕوبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکرا". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژە بەوەشکراوە، دەستبەسەر سەرجەم ئەو مادده‌ هۆشبەرانەدا گیرا کە بەنیازبوون بازرگانی پێوەبکەن، بڕەکەی پێکهاتبوو لە یەک کیلۆگرام ماددەکانی کریستاڵ و حەشیش.


PM:08:11:27/11/2023