کۆبوونەوە وەزارەتی کارەباو چەند بەرپرسێکی حکومەت بەبێ چارەسەر کۆتای هات

 هێشتا سێ هەفتەی ماوە وەرزی زستان دەستپێبکات، دانیشتوانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم سکاڵایانە بەدەست کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان.
  

رۆژی چوارشەممە لە دیوانی وەزارەتی کارەبا، کۆبوونەیەکی تایبەت لەبارەی کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا و پرۆژەی پریبەید بەڕێوەچوو. 

لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەریەک لە كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەشداربوون، لە راگەیاندنی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بۆ بارگرانیی سەر کارەبا کراوە، کە خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بوودجە هەیە. 

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پڕۆژەی پریپەید و نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان خرایەڕوو و پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پشتگیریی خۆیان بۆ پێشنیاری وەزارەتی کارەبا بۆ دابەزاندنی نرخی کارەبای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان دەربڕی، کە لە چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دایە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر داوای کردووە ڕەچاوی پشکی پارێزگای هەولێر لە پێدانی کارەبا بکرێت و جەختی لە تێستی وەرزی بۆ پشکی کارەبای پارێزگاکان کردەوە.  ئەوە لە کاتێکدایە پارێزگاکانی تریش کێشەی کەمی پێدانی کارەبایان هەیە.

لەو کۆبوونەوەیەدا هیچ چارەسەرێک بۆ کەمبوونەوەی بڕی پێدانی کارەبا نەکراوەو، تەنها داوای سووتەمەنی زیاتر و بودجە کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە بەهار و هاوینی ئەمساڵدا لە کاتی کردنەوەی چەند وێستگەیەکی کارەبای نوێدا، سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی تری هەرێم باسیان لە زیادکردنی بڕی پێدانی کارەبا و پێدانی ٢٤ کاتژمێری دەکرد. 



PM:06:18:29/11/2023