زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایدەگەیەنێت" بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری لەسەر مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت". 

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" شاندەكەی هەرێم داوایكردووە یان بەشە بوودجەی هەرێم بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق رەوانە بكات، یاخود بڕیار بدات لەسەر ناردنی مووچەی مانگەكانی تشرینی یەكەم، تشرینی دووەم و كانونی یەكەم". 

وتیشی" سودانی لارینەبوونی خۆی لەبارەی ناردنی (٧٠٠) ملیار دینار بۆهەر مانگێك لەو مانگانە نیشانداوە، ئەو داواكارییەش وەك پێشنیار دەباتە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی تاوتوێكردن و دەنگدان لەسەری". 

رۆژی دووشەممەی ڕابردوو شاندێکی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی بەغدادی كرد و چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا کە پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێ کران. 


PM:03:19:30/11/2023