رێکخراوێکی مامۆستایان: بایکۆت مەبەستنەوە بە پەیوەندی حزبە حکمڕانەکانەوە


رێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لەبارەی بایکۆتەوە دەڵێن" ئێمە لە رێکخراویی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ھۆشداری دەدەینە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە کە چیتر دۆخی پەروەردە و بەردەوامی بایکۆت نەبەستنەوە بە پەیوەندی سیاسی نێوان حزبە حوکمڕانە ھاوپەیمانەکانیانەوە".

لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ هەینی رێکخراوی مامۆستایانی پیشەیی لە بارەی بایکۆتەوە بڵاویکردەوە، دەڵێن"  بڕوامان وایە سەرجەم مامۆستایانی پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ناخۆشیدا گوزەران دەکەن، ئەگەر چی لە سەر شەقام نین یان بەرەی بایکۆت نین، ئەوە ھۆکاری تایبەتی لە پشتەوەیە، ئێمە لە رێکخراویی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ھۆشداری دەدەینە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە کە چیتر دۆخی پەروەردە و بەردەوامی بایکۆت نەبەستنەوە بە پەیوەندی سیاسی نێوان حزبە حوکمڕانە ھاوپەیمانەکانیانەوە".

دەقی راگەیاندنی پیشەیی رێکخراوی مامۆستایانی کوردستان 

بۆ رای گشتی ..
بۆ مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان..
بۆ رێکخراوەکانی تایبەتمەندی بواری مامۆستایان و پەروەردە..

لای ھەمووان ئاشکرایە بۆ ماوەی (٧٠) رۆژە مامۆستایان بایکۆتیان کردووە، پرۆسەی بایکۆتی مامۆستایان لە شارەکانی ( سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و ھەندێک شوێنی دیکەیش) بەردەوام، ئێمە وەکو رێکخراویی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە ھەموو شێوەیەکو پتشگیری تەواوی داواکارییەکان دەکەین و بەردەوامیش دەبین لە ھاوبەشیکردنی چالاکییەکانیان، جگە لە ئەوە پێویستە حکومەت داواکارییەکان جێبەجێ بکات،ھیچ خوێندنەوەیەکی دیکە ھەڵناگرێت و تەنھا حکومەتی ھەرێمی کوردستان( حزبە حکومڕانەکان) بەرپرسیارە لە سەرھەڵدانی ئەم دۆخە، ئێمە بڕوامان وایە سەرجەم مامۆستایانی پارێزگاکانی دیکەی کوردستانیش لە دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ناخۆشیدا گوزەران دەکەن، ئەگەر چی لە سەر شەقام نین یان بەرەی بایکۆت نین، ئەوە ھۆکاری تایبەتی لە پشتەوەیە، ئێمە لە رێکخراویی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ھۆشداری دەدەینە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە کە چیتر دۆخی پەروەردە و بەردەوامی بایکۆت نەبەستنەوە بە پەیوەندی سیاسی نێوان حزبە حوکمڕانە ھاوپەیمانەکانیانەوە، بەڵکو لۆژیکی بیرکردنەوە و دانوستان بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، ئێستا شەقام داواکاری ھەیە و دەبێت رێککەوتن بکرێت لە سەر ئەو داواکارییانە، دوورپەرێزی و دووپارچەکردنی ھەرێمی کوردستان و پەراوێزخستنی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران قورس دەکەوێت، دابەزین بۆ خوێندنەوەی واقعی ژیان و رێزگرتن لە شکۆی مامۆستایان و رێزگرتن لە خەباتی مەدەنی ھەنگاوێکی کاریگەر دەبێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی پەروەردە و ھەرێمی کوردستان، نابێت ئەوەمان بیربچێتەوە کە رێکخراوی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەبوو ئێستا لە ھەوڵی جدی و بەرەی مامۆستایانی بەش خوار و بێ مووچەکراودا بەردەوامی بە خەیاتی مەدەنی بدایە، کەچی خۆیان سەرقاڵکردووە بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و کۆکردنەوەی تەنھا مامۆستایانی حزبی و پەرواێزخستنی داواکاری ڕاستەقینەی مامۆستایان، ئەمەش ناڕەوایییە و پێویستە بایکۆتی ھەرڵبژاردنیش بکرێت، چونکە ئەوانەی پێناسەیان ھەیە بەشێکی زۆریان لە رێگەی حزب و دەسەڵاتدارێتیەوە بۆیان نوێکراوەتەوە بۆ دەنگدان، واتا ئەنجام ڕوونە بۆ داھاتووی ئەو رێکخراوە، خزمەتی کێ دەکات. بۆیە ئێمە بانگەواز ئاراستەی تەواوی ئازادیخوازان و حکومەت و رێکخراوەکان و رای گشتی دەکەین بەمجۆرە:-

١/ حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە بە زووترین کات رێگا چارەسەر بخەنە بەردەستی مامۆستایان و بریار لە سەر داواکارییەکانیان بدرێت، چاوپێکەوتنیش بکرێت لە گەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی مامۆستایانی کوردستان.

٢/ رێکخراوەکانی مامۆستایان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگی تەواوی مامۆستایانی کوردستان و پشتگیری تەواوی داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان و پاڵەپەستۆخستنە سەر حکومەتی ھەریم بۆ جێبەجێ کردنی.

٣/ ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەندیکایەکی مامۆستایان بۆ ھەموو مامۆستایان بێت، لە چوارچێوەی یاسادا کارەکانی ئەنجام بدات.

٤/ تەواوی خەڵکی کوردستان ھاوبەشی و پشتگیری مامۆستایان وداوا ڕەواکانیان بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری دۆخی پەروەردە بکرێت لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان. 

رێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان ٢٩/١١/٢٠٢٣

 
 



PM:09:38:01/12/2023