ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ژمارەی كۆڵبەرانی كوژراو و برینداربووی بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت" (١١٨) كۆڵبەر كوژراون و برینداربوون".
بەپێی ئامارێکی ڕێكخراوی هەنگاو، مانگی ڕابردوو هەشت كۆڵبەر كوژراون و (١١٠) كۆڵبەریش بریندار بوون کە یەكێك لە كوژراوەكان نەوجەوان بووە و لە كۆی (١١٠) برینداربوویش (١٤) كەسیان تەمەنییان لە خوار (١٨) ساڵەوە بووە.
هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداچونەوە بە ئاماری كوژراو و برینداربووانی مانگەكانی ڕابردوو دەریدەخات كە ڕێژەی كوشتن و برینداربوونی كۆڵبەران لە مانگی (١١) بە بەراورد بە مانگی (١٠)ی ئەمساڵ (٢٩٣%) زیادی كردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، كوژران و برینداربوونی (١١٨) كۆڵبەر لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
هەر بەپێی ئامارەکەی هەنگاو، زۆرترین ژمارەی كوژراو و برینداربوونی كۆڵبەران لە پارێزگاكانی كوردستان بووە كە (٩٣) حاڵەت تێیاندا ڕوویداوە و دوای ئەوەش پارێزگاكانی كرماشان كە (٢٢) حاڵەتی تێدا بووە و ئازەربایجانی ڕۆژئاواش سێ حاڵەت.