دوایین زانیارییەکان لەسەر مووچەی مانگی (ئەیلولی) فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی گرفتە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کاریگەری لەسەرە"، دەشڵێت" بەم نزیکانە مووچەی مانگی ئەیلول ڕەوانەی هەرێم دەکرێت". 

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" مووچەی مانگی ئەیلول بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم دەگاتە دەستمان، بەڵام چارەنووسی مووچەی سێ مانگەکەی دیکە نادیارە و تا ئێستا بەغداد لەمبارەیەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە". 

وتیشی" مووچەی فەرمانبەران زۆرترین کاریگەری لەسەرە، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە". 

سۆران عومەر ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر کێشەی نەوتی هەرێم چارەسەر نەکرێت، کێشەی مووچە چارەسەر نابێت، ئەمە جگە لە چارەسەرکردنی پرسی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی، چونکە حکومەتی فیدراڵی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت مووچە لە پشکی هەرێمەوە بنێردرێت.


PM:03:30:02/12/2023