شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و باران لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم دەبارێت".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی لاوازی دەریای ناوەڕاست سبەینێ ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و لە کاتەکانی پاش نیوەرۆ بەدواوە ئەگەری تاوە بارانی پچر پچر لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچە شاخاوییەکاندا ڕێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا لە سنوری پارێزگای ھەولێر، سلێمانی و ئیدارەی راپەرین ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و بارانی مامناوەند لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەبێت و ھەندێک کاتدا لە ناوچە جیاوازەکان ھەورە بروسکە چالاک دەبێت.
ئاراس جەبارپێشبینیش دەکات، پلەکانی گەرما بەڕێژەی ١ بۆ ٢ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبنەوە، خێرای با مامناوەند و چالاک دەبێت لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ کیلۆمەتر بە ئاياستەی باشوور و باشووری رۆژھەڵات.