ئەنجوومەنی وەزیران پرسی بوودجە و مووچە تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش، دوا پێشهاتەکانی بوودجە و مووچەی هەرێم تاوتوێ دەکرێت. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە)، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا چەند بابەتێک تاوتوێ دەکات.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆ کردن لە بارەی دوا پێشهاتی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، لە میانەی دوا سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتی جێگری سەرۆکوەزیران پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە راسپاردنی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تایبەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خستەڕووی راسپاردە و چارەسەرەکان.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.


AM:10:45:06/12/2023