لە پای رووداوەکەی سۆران
رۆژنامەنووسێک: دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ، یان دوورخستنەوەی بەکۆمەڵ


رۆژنامەنووسی ناسراو ئیسماعیل ئیبراهیم سەرۆکی دەزگای زاری کرمانجی دەڵێت" بەرامبەر ئەو رووداوە تراژیدیایەی لە سۆران روویدا،" دەست لە كار كێشانەوە بە كۆمەڵ یا دوور خستنەوەی بە كۆمەڵ باشترین ئیجرائاتە، كە پێویستە حكومەت بیگرێتەبەر".

لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئیسماعیل ئیبراهیم سەرۆکی دەزگای زاری کرمانجی کە دەزگایەکی رۆشنبیری و میدیایەو ئۆفیسی سەرەکی لە سۆرانە، دەڵێت" هەر بەرپرسە و لەبەر كورسی خۆی بیانووی سەیر و سەمەرە دێنێتەوە، بۆیە لیژنەكانیش وەك لیژنەكانی دیكە ئەنجامێكی دڵخۆشكەری نابێت.هەر بەرپرسەو خۆی لە بەرپرسیارییەت دەدزێتەوە، وەك ئەوەی رووداوەكە و پاراستنی گیان هاووڵاتییان لە ئەستۆی بەرێوەبەرانی بەسرا بێت".

لە درێژەی ئەو نووسینەشدا دەڵێت" كارەساتەكان بەردەوامن، هاوخەمییەكانیش بەردەوام دەبن، كۆنگرەی رۆژنامەوانی و ئامادەبوونی بەرپرسان بە ژمارەیەك پاسەوانەوە لە شوێنی رووداوەكان بەردەوام دەبن. ئەم بەرپرسانە هەر یەكەوە بەشێكن لە هۆكاری كارەساتەكان". 
 

دەقی نووسینەکە..
 
دەست لە كار كێشانەوە بە كۆمەڵ یا دوور خستنەوەی بە كۆمەڵ باشترین ئیجرائاتە، كە پێویستە حكومەت بیگرێتەبەر، دوای ئەوە ئیجرائاتی دیكەی یاسای لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بكرێت.

كاتێ كەسی نەشیاو ناشارەزا و ناپسپۆر دەكرێنە بەرپرسی دامەزراوە هەستیارەكان ئەمە ئەنجامەكەیەتی. كە هەموو بەرپرسانی حكومی و حزبی و باقی دەزگاكانیش دیكەش باش دەزانن كارێكی هەڵەیە، كەچی دەستەوەستان بەدیار ئەو مشەخۆرانەوە دانیشتوون.

كارەساتەكان بەردەوامن، هاوخەمییەكانیش بەردەوام دەبن، كۆنگرەی رۆژنامەوانی و ئامادەبوونی بەرپرسان بە ژمارەیەك پاسەوانەوە لە شوێنی رووداوەكان بەردەوام دەبن.

ئەم بەرپرسانە هەر یەكەوە بەشێكن لە هۆكاری كارەساتەكان. 

بەخۆیان و جلە جوانەكانیان و ئۆتۆمبێلە شیكەكانیان بەدیار دەرهێنانی تەرمی قوربانیان دەوەستن و دەست بۆ هیچ نابن، نەوەك ماندوو ببن و جلەكانیان چڵكن بێت. 

سەدان باڵەخانەی هاوشێوەی باڵەخانەی شەوی رابردووی كارەساتەكەی لێیە، واتە لە سات بە ساتی ژیان لەم شارە دەبێ چاوەرێی كارەساتی مەزنتر بین.

كاتێ هیچ روونەدات سینگ دەرپەڕاندن هیچ هونەرێكی نییە، كاتێ كارەسات قەوما كارامەیی بەرپرسان بەدیار دەكەێت، لە 21 كەسی نێو باڵەخانە 14 كەس گیانیان لەدەست بدەن، 7 كەسیش بریندار بێت، واتە كەس رزگار نەكراوە نە، ئەمە وەستانی دەوێت. 
ئەم رووداوە پێیگووتین لەم شارە یەك دامەزراوەت نییە جێگەی متمانە بێت، زیاتر لە 10 ساڵە هاوار دەكەین. بەڵام نەخوێنەر هەیە نە گوێگر.

شەرمەزارییە لە دوای كارەساتی شەوی رابردوو، چەند بەرێوەبەرێك لە پۆستەكانیان بمێننەوە، لە وەڵاتان یەك كەس بە هۆی هەڵە یا كمتەر خەمییەوە گیان لە دەستدەدات، دوور خستنەوە لە پۆست یا دەست لە كاركێشانەوە دەبینین، بەڵام دە رووداوی دیكەش روو بدات ئەمە نابینی. 

ئێنجا هەر بەرپرسە و لەبەر كورسی خۆی بیانووی سەیر و سەمەرە دێنێتەوە، بۆیە لیژنەكانیش وەك لیژنەكانی دیكە ئەنجامێكی دڵخۆشكەری نابێت.

هەر بەرپرسەو خۆی لە بەرپرسیارییەت دەدزێتەوە، وەك ئەوەی رووداوەكە و پاراستنی گیان هاووڵاتییان لە ئەستۆی بەرێوەبەرانی بەسرا بێت.



PM:07:13:09/12/2023