نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ رایده‌گه‌یه‌نن" سبەینێ لەگەڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده كۆدهبینەوە"، ده‌شڵێن" ته‌نها دامه‌زراندن ناچاری چوونه‌وه بۆ هۆڵه‌كانی خوێندنمان ده‌كات".
نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ، ئەمڕۆ شەممە له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه" وه‌كو مامۆستایانی وانه‌بێژ سبەینێ یه‌كشه‌ممه ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ خۆپیشاندان له به‌رده‌م بینای به‌ڕێوه‌به‌رایەتی په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوای سلێمانی ئه‌نجام ناده‌ین".
ئەوەشیان خستەڕوو، بۆ پشتیوانی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی له‌ناو شاری سلێمانی كه‌متر له (١٢) به‌شه‌وانه‌یان بـۆ ماوه‌ته‌وه و شایسته‌ی دارایی مانگی (٩)یان بۆ سه‌رف نه‌كراوه، یان دورخراونه‌ته‌وه له قوتابخانه و خوێندنگاكانیان كاتژمێر (٩:٠٠)ی سه‌رله‌به‌یانی گردبوونه‌وه‌ی مامۆستایانی وانه‌بێژ و نوێنه‌ره‌كانیان له به‌رده‌م بینای به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی په‌روەرده‌ی سلێمانی ئه‌نجام ده‌درێت".
نوێنه‌رانی مامۆستایانی وانه‌بێژ لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا داواش دەکەن، ئه‌و مامۆستا وانه‌بێژانه‌ی كه كێشه‌ی له‌م جۆره‌یان هه‌یه له كات و شوێنی دیاریكراودا ئاماده بن، به تایبه‌ت تا بتوانن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روره‌ده‌ی سلێمانی دابنیشن بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌كی گونجاو بۆ كێشه‌كه‌یان.
ئاماژەی بەوەش دەکەن، گردبونه‌وه‌ی سبەینێ و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده به مانای شكانی بایكۆت و نه‌رمی نواندن نیه له ئاست داوا هه‌ره ڕه‌واكه‌یان كه دامه‌زراندنه، به‌ڵكو ته‌نها دامه‌زراندن ناچاری چوونه‌وه بۆ هۆڵه‌كانی خوێندنیان ده‌كات.
جەختیش دەکەنەوە، له هه‌فته‌ی داهاتوودا پلانی نوێ بۆ كۆتاییهاتنی وه‌رزی یه‌كه‌م و پلانی بایكۆت بۆ وه‌رزی دووه‌م دهخهنەڕوو.