نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی: دەبێت هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان رابگیرێت

ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم(ماوە بۆ درێژکراوە) لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە کۆبوونەوەیەکی جیا جیادا، باسیان لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و رایانگەیاند" پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان رابگرن".

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت " ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ڤیكتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد. لە كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، كۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە دیپلۆماتكاران ئامادەی بوون، باسیان لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردووە".

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماتییەكان و هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق كردەوە و" هاوڕا بوون كە دەبێ لایەنە پەیوە‌ندیدارە عێراقییەكان رێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە".

هاوکات هەر ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان،(ماوە بۆ درێژکراوە) پێشوازی له‌ ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا كه‌ ئەلینا ڕۆمەناوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق ئامادەی بوون، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و نابێت بەغدا وەک هاووڵاتییەکی پلەدوو، ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.

سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی بنەما دیموکراتییەکان لە عێراقدا کردەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە.



PM:10:31:20/12/2023