دەستبەسەر ئەو دەرمانانەدا دەگیرێت کە ریکلامی "دابەزاندنی کێشیان" بۆ دەکرێت

وەزیری تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت" دەست بەسەر ئەو دەرمان و گژوگیایانەدا دەگرین کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلامیان بۆدەکرێت بۆ دابەزاندنی کێش". 

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بڕوا بەو پڕۆپاگەندانەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەکەن کە هەندێک گژوگیا و دەرمان بڵاودەکەنەوە گوایە کێش دادەبەزێنن، چونکە هیچیان زانستی نین، بەڵکو خراپیشن".

ئاماژەی بەوەشکرد،وەزارەتەکەیان دەستیکردووە بە ڕاگرتن و دانانی رێنمایی پێویست و دەستبەسەرداگرتنی ئەو جۆرە گژوگیا و دەرمانانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکلامیان بۆ دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو جۆرە دەرمانانە هەموویان ماددەی زیانبەخشیان تێدایە، پێویستە بە رێنمایی پزیشکی بەکاربهێنرێن، چونکە زیان بە تەندروستی بەکارهێنەر دەگەیەنێت. 


PM:01:35:23/12/2023