لە کاتی گەڕانەوەی پارێزەری بنەماڵەی ژینا دەست بەسەر پاسپۆرت‌و تابلۆی خەڵاتی ساخارۆفدا دەگیرێت

پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دوای گەڕانەوە بۆ ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاراندا خراوەتە بەر لێپرسینەوە و هاوکات دەست گیراوە بەسەر پاسپۆرت و مۆبایلەکەی خۆی و هەروەها تابلۆکەی خەڵاتی ساخارۆفدا کە پێشکەشی ژینا ئەمینی کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە" ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا سەردانی شاری ستراسبۆرگی فەرەنسای کردبوو، ڕۆژی هەینی (٢٢ی دیسامبەر) دوای گەییشتن بە فڕۆکەخانەی خومەینیی تاران یەکسەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە براوەتە ژوورێکی ئەمنییەوە لە فڕۆکەخانەکەدا و جیا لەوەی خراوەتە بەر لێپرسینەوە و کەلوپەلەکەی پشکێنراوە، پێی ڕاگەیەنراوە کە لە لایەن بەرپرسانی دەزگای دادوەرییەوە قەدەغەی چوونەدەرەوەی بۆ دانراوە''.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان جیا لە پاسپۆرت و مۆبایلەکەی، دەستیان بەسەر تابلۆی خەڵاتی ساخارۆفیشدا گرتووە کە لە لایەن پارلەمانی ئەورووپاوە بەخشرابوو بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی".

هەواڵەکان ئاماژە بەوەشدەدەن کە لە رێگەی بانگهێشتنامەیەکدا پێی ڕاگەیەنراوە کە دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک زیندانیکردن خۆی ڕادەستی نووسینگەی لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای موقەدەسی تاران بکات.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە " ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد، سزای ساڵێک بەندکران و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپا. ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە و دۆسیەکە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی بەردەم لقی یەکەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای موقەدەسی تاران کراوە".

ڕۆژی ٩ی دیسامبەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی تاراندا ئاگادار کرانەوە کە قەدەغەی چوونەدەرەوەیان لە سەرە و نەیانهێشت سەفەری فەرەنسا بکەن، هەر بۆیە ساڵح نیکبەخت ڕۆژی١٢ی دیسامبەر بە نوێنەرایەتی لەوانەوە لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆفی پارلەمانی ئەورووپادا بەشداریی کرد و پەیامی موژگان ئیفتیخاریی دایکی ژینا ئەمینیی خوێندەوە.

خەڵاتی مافی مرۆڤی پارلەمانی ئەوروپا کە بە ساخارۆف ناسراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێشکەش کرا بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی.



PM:06:37:23/12/2023