"تورکیا مۆڵەتی داوە بە داعش لە دوو رۆژدا کوبانی بگرێت"

‌خەڵکی کوبانی جەژنی رەمەزانی پێشوو چوونە مەزاری شەهیدەکانیان - فرات نیوز

لە ٢ ی تشرێنی یەکەمەوە پەرلەمانی تورکیا مۆڵەتی داوە بە سوپا دەستبکات بە ئۆپراسیۆن لەناو خاکی سوریاو عێراق دا، وا سێ رۆژە تورکیا هیچ جووڵەیەکی سەربازی نەکردووە هەندێک ناوەندی یەپەگە باس لەوە دەکەن کە تورکیا مۆڵەتی ٢ رۆژی داوە بە داعش تا کۆنترۆڵی کوبانی بکات.

 لە کاتێکدا لە چواردەوری شاری کوبانی شەڕێکی زۆر توند لەنێوان یەپەگەو خەڵکی کوبانی، بەرامبەر داعش بەڕێوەدەچێت، تا ئێستا سوپای تورکیا یەک تەقەی نەکردووە، هەندێک سەرچاوە لە ئیتلافی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاوە باس لەوە دەکەن کە "تورکیا ئارامی لێبڕاوە ئەوان دوو رۆژیان داناوە بۆ داعش بۆ ئەوەی کوبانی بگرێت، بەلآم تا ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە و هێرشەکانیان شکستی هێناوە".

تورکیا هەڕەشەکانی لەسەر داعش زیاتر کردووە، بۆیە یەپەگە پێشبینی هێرشی قورس دەکات لەمرۆدا، هاوکات داعش دەیەوێت هەرچیی زوترە کوبانی بگرێت بۆ ئەوەی سوپاو چەکە قورسەکانی لەنێو شارەکەدا بشارێتەوە. ( لەدەرەوەی شار ئامانجێکی ئاسان دەبن بۆ فرۆکە جەنگییەکان).

 

بەپێی ئەو زانیاریانە کە لە ماڵپەڕی هەواڵ ٢٤ بلآوکراوەتەوە، تورکیا دەیەوێت پاش ئەو مۆڵەتە دوو رۆژیەی داویەتی بە داعش، کۆمەک و یارمەتییەکانی خۆی بۆ ئەوان رابگرێت، چونکە لەوە زیاتر ناتوانێت درێژە بۆ یارمەتییە سەربازی و لۆجستیانە بدات.

 چاودێران پێیانوایە ئەگەر داعش لەم دوو رۆژەدا نەتوانێت کوبانی بگرێت، چیتر سوپای تورکیا چاوەڕوانیان نابێت و بەشداری شەڕ دەکات دژی ئەو ‌هێزە، وەک ٢ ی تشرێنی یەکەم پەرلەمانی تورکیا بڕیاری لەسەردا.

چاودێران باس لەوە دەکەن کە تورکیا دەیەوێت داعش کۆنترۆڵی تەواوی کوبانی بکات، بۆ ئەوەی کە سبەی خۆی لە داعشی بسێنێتەوەو ئەو دەمە هەرچی مەرجی سیاسی و سەربازیە بەسەر (پەیەدە)دا بیسەپێنێت.

ئەم رێککەوتنە ژێر بەژێرەی داعش و تورکیا لە کاتێکدایە کە ئەمرۆ ٤ ی تشرینی یەکەم بەهەموو جۆرە چەکێکی قورس شەڕ گەرمە لەهەر سێ بەرەی شەڕەوە ( رۆژهەلآت، باشور، رۆژئاوا)، هەرچی هاولآتیانی مەدەنییەشە لە شاری کوبانی چونەتە ئەو دیوو سنورەوە، ئەوەی لەشارەکدا ماوەتەوە شەرەڤانانی یەپەگەو یەپەژەیە لەگەڵ ئەو هاولآتیانەی چەکیان هەڵگرتووەو یان کۆمەکی ئیدرای و لۆجستی شەرەڤانان دەکەن.

 



AM:11:26:04/10/2014