پێشەوا هەورامانی: ئەگەر عێراق پابەندی بەڵێنەكان نەبێت بیر لە چارەسەری دیكە دەكەینەوە

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند"  لە دەستپێكی ساڵی نوێدا شاندی حكومەتی هەرێم دەگاتە بەغداد، بەڵام سەردانی ئەمجارەیان جیاوازە و ئامانجیانە دەرئەنجامی هەموو ئەو كۆبوونەوانە بچننەوە، كە لە ساڵی ٢٠٢٣ زۆرترین هەوڵیان بۆ داوە و كاتێكی زۆریان پێوە كووشتووە".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە" ئێمە لە سەرەتای ساڵی تازە لە ٦ی مانگ تا ١٠ی مانگ كۆبوونەوەمان دەبێت و شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی".

وتیشی" پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەك نەماوەتەوە بۆ كۆبوونەوە و دانیشتن ئەگەر بێتو نەزانین دەرئەنجامەكەی چارەسەرە. پێویستە ئەمساڵ كێشەكانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێكەوتنەكان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەكەین لە حكومەتی فیدڕاڵ، حكومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیكەدا دەگەڕێت".

پێشەوا هەورامانی راشیگەیاندووە" لە ساڵی ٢٠٢٣ هەوڵی زۆرماندا وە دانیشتنی زۆر كران لەسەر پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەكان، باج و وردەكاری لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و لە هەمووی گرنگتر مەسەلەی نەوت، حكومەت هیچ نەمایەوە بیكات چی پێویست بوو كردمان".

پێشوا هەورامانی دەڵێت" بۆیە ساڵی ٢٠٢٤ وەك ساڵی دەرئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە سەیر دەكەین، ئەو هەموو كاتەی بە كۆبوونەوە كوشتمان بە نیەتی دۆزینەوەی ڕێگەچارە، پێم وانیە ئەمساڵ ئەوەندە كات بدرێت بە كۆبوونەوەكان، چونكە ئەوەی پێویست بوو كردمان".

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند" پێویستە لەبەر خاتری سەقامگیری عێراق و مانەوەی عێراق بە سەقامگیری دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێم جیا بكرێتەوە، هیچ بابێكی تر نەكرێت بەڵكو فەرمانبەرانی هەرێمیش وەك عێراق لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".

لە مانگی ٣ی ساڵی ٢٠٢٣ ەوە لە دوای بڕیارەكەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی كە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوی نەوتی هەرێم، شاندی هەرێمی كوردستان نزیكەی ١٦ جار سەردانی بەغدادی كردووە، بەڵام سەردانەكان ڕێككەوتنی یەكلایی كەرەوەیان بەدوادا نەهاتووە و بەشێك لە كێشە هەڵواسراوەكان كە لە پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، خاڵە سنوریەكان و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمدا خۆی دەبینێتەوە، بێ چارەسەر ماونەتەوەوە.

دوا سەردانیش لە ١٠-١٢ ئەنجامدرا، هەردوو وەزیری دارایی و ناوخۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقدا كۆبوونەوە تایبەت بە پرسی گومرگەكان.

ئەم سەردانانە لەكاتێكدایە، بە هۆی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداشەوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا مووچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢یان وەرنەگرتووە.



PM:06:17:26/12/2023