زانیاری گرنگ لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی کەرکوک و کارمەندەکانی پۆلیس دەخرێتەڕوو

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە دوو چەکداری نەناسراو لە ناو بازاڕی لەنگەی پارێزگای کەرکوک تەقەیان لە دوو کارمەندی پۆلیسی پارێزگاکە کرد کە بووە هۆی کوژرانی یەکێکیان. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، پۆلیسەکان کارمەندی بەشی پاراستنی یاسا بوون کە یەکێکیان لە شوێنی ڕووداوەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەشیان بریندارکرا، ژێکیش کە لە نزیکی شوێنی ڕووداوەکە بووە بە سوکی بریندارکراوە. 

هەرچەندە تائێستا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان دەربارەی ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە" پێدەچێت ڕووداوەکەی ئەمڕۆی بازاڕی کەرکوک ئەندامانی گروپ و شانەی تیرۆرستی بن کە لە تۆڵەی سزادانیان ئەو کردەوەیان ئەنجام دابێت". 

تا ئێستا ناسنامەی ئەو دوو چەکدارە دیار نییە و دەستگیرنەکراون، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە پێکهێناوە. 

ڕووداوەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگەی سەر پردی خەبات نزیک قەڵای کەرکوک لە کاتێکدایە، دوێنێ دادگای کەرکوک سزای لە سێدارەدانی بۆ ئەنجامدەری هێرشەکەی ساڵی ڕابردوو دەرکرد کە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم هێرشیکردە سەر بازگەیەکی نزیک کۆمەڵگەی کۆبانێ کە بووە هۆی برینداربوونی ئەفسەرێک و دوو کارمەندی پۆلیس. 

هاوکات هەر دوێنێ ئەنجامدەرانی هێرشەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵی ناو گەڕەکی پەنجا عەلی کە کارمەندێکی پۆلیسی عروبە لەو ڕووداوەدا گیانی لەدەستدا، بە زیندانی هەتا هەتایی سزادران کە سێ کەس بوون و خەڵکی ناحیەی ڕیازیەی قەزای حەویجە بوون. 


PM:06:17:28/12/2023