"كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پرسی نەوت چارەسەردەکرێن"

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" دوای سەری ساڵ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پرسی نەوت چارەسەردەکرێن". 

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە لێدوانێكدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە" لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە لە راوێژكارانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پێكهێندراوە و پێشتر بڕیاربوو كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامبدەن، بەڵام بەشێكیان سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان و كۆبوونەوەكە دواخرا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕواندەكرێت لە دوای سەری ساڵ ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەی خۆی بۆ ئامادەكردنی رەشنووسێك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە ئەنجامبدات و بەڵێندراوە كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پرسی نەوت چارەسەربكرێن.


PM:01:08:29/12/2023