پێشەوا هەورامی: هێرشەکەی دوینێ شەڕ فرۆشتنە و مافی خۆمانە وەڵاممان هەبێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە و دەڵێت" بە مافی خۆمان دەزانین لە کات و ساتی گونجاودا وەڵامی ئەنجامدەرانی هێرشەکە بدەینەوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" شەوی ڕابردوو ٣٠ی کانونی یەکەم کاتژمێر ١١:٤٥ بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

پێشەوا هەورامی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە".

ڕاشیگەیاند" ئێمە ئەو لایەنانەو حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان".

" لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن".( وتەبێژی حکومەت رایگەیاند)

ئەوەشی خستەڕوو کە چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەن و دەڵێت" لە سزادانی ئەم گروپانەو هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین".

شەوی رابردوو لەبارەی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە گەڕەکی قەڵای تازەی هەولێر دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کەوتنەوەخوارەوەی درۆن  بێ بنەما و ناڕاستە و ئەو دەنگەشی کە بیستراوە تەقینەوەی نارنجۆکێک بووە و دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو بارەیەوەن".



AM:11:06:31/12/2023