مسعود بارزانی: ناوچەکە لە ژێر هەڕەشەی شەڕ و ئاژاوە دایە

مسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینی پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی کوردستان دەکات و دەڵێت" ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوە دایە "، هەروەها وتی" لە ساڵی تازەدا چاوەڕوان دەکرێت لە حكوومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەنگاو بنێت".
 
مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینییەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان دەکات و دەڵێت" لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوە دایە. پێویستە هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت. لەونێوەدا ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاساییش و ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی قەیران و هەڕەشەكان لەناوچەكەماندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و كار بە پابەندییەكانی بكات".

لە پەیامەکەدا مسعود بارزانی راشیگەیاند" لە ساڵی تازەدا ئەو چاوەڕوانییە لە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت. پەیامی گەلی كوردستانیش بۆ هەموو لایەك هەمیشە پەیامی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و چارەسەری بووە و ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتن، هیوادارم ساڵی ٢٠٢٤ ساڵی كۆتاییهاتنی گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەمان بێت و ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و گشت ناوچەكەمان بێتە دی".
 



PM:12:39:31/12/2023