" ئێران لە رێگای دادگای فیدراڵیەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی ئایار دوا دەخات"

جێگری سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێم دەڵێت" تاکە هەرێمێک ملکەچی سیاسیەتی ئێران نییە، هەولێر و دهۆکە"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ستراتیژی ئێران لاوازکردنی پارتی و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بۆ مانگی ئایار.

لە نووسینێکدا بەناونیشانی " ستراتیژیەتی پشت هێرشی دڕۆنەکان " ئاسۆ حاجی جێگری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت" تاکە هەرێمێک کە ملکەچی ئێران نییە هەولێر و دهۆکن، ئێران هەموو جۆرە گوشارێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەولێر ناچار بکات ملکەچی داواکارییەکانی بێت و ببێتە بەشێک لە ستراتیژیەتەکەی".

نوسەر ستراتیژی ئێرانی دژی هەرێمی کوردستان لە حەوت خاڵدا کۆدەکاتەوەو لە خاڵێکیاندا، دەڵێت" لە ڕێگەی دادگای باڵا، بڕیاری داوە هەڵبژاردنی کوردستان بۆ مانگی ئایاری داهاتوو دوابخرێت. لە ڕێگای بە نادەستووری ناساندنی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانپەروەری کوردستانە کە بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئێران، واتە دابەشکردنی کوردستان بۆ سێ چوار بازنەی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسی پشکی مەسیحی و تورکمان لەنێوان هەولێر و سلێمانی". 

شەوی ٣٠ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ چەند درۆنێکی سەر بە میلیشیا عێراقییەکان بۆردومانی چەند سەربازگەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە نزیک هاوینەهەواری سەلاحەدین کرد، راگەیاندنی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ هیچ زیانێکی گیانی نەکرد، هاوكات زانیاری وردشی لەسەر ئەو شوێنە سەربازیانە ئاشکرا نەکرد کە بۆردومان کراون.




AM:10:45:01/01/2024