رۆژهەڵاتی کوردستان.. کچێکی گەنج بەدەستی براکەی دەکوژرێت

کچێکی گەنجی خەڵکی شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن براکەیەوە کوژرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە" کچێکی گەنجی دانیشتووی شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن براکەی خۆیەوە، لە ماڵەکەیاندا لەو شارە کوژراوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو" ئەم برایە دوای کوشتنی خوشکەکەی خۆی بە کەلانتەری ١٤ی ئیلام ناساندوە، و دانی بە کوشتنی خوشکەکەی لەڕێگای خنکاندنی بە لەچکەکەیەوە ناوە و هۆکاری ئەو تاوانەشی بە کێشەی خێزانی ناوبردووە". 

ئاماژەی بەوەشداوە کە میدیاکانی حکومەتیی ئێران، بڵاویان کردوەتەوە کە برای ئەو کچە "بووەتە قوربانی کێشەی خێزانی".

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لانی کەم ١٢٢ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن کەسە نزیکەکانی خۆیانەوە کوژراون لە زۆربەی حاڵەتەکان لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، کوژراون و زۆرترین ئاماری ژنکوژی لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبۆرز و ئورمیە تۆمارکراوە.



AM:12:16:03/01/2024