زانیاری نوێ لەبارەی گەیشتنی شەپۆلی باران و بەفر بۆ هەرێم راگەیەندرا

شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت" لە سبەینێوە شەپۆلێكی باران بارین دەگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕۆژی هەینیدا زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە و تاوەكو ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت". 

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاند" سبەی پێنج شەممە ٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ شەپۆلێكی مامناوەند و پچڕ پچڕی بارانبارین ناوچەكانمان ئەگرێتەوە و سەرەتا لەكاتەكانی نیوەڕۆ لەسنوری پارێزگای دھۆك و ناوچە شاخاویەكانی دەستپێدەكات و لەكاتەكانی ئێوارە و شەودا بەگوێرەی كات فراوان ئەبێت بۆ ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەڕین".

ئاراس جەبار وتیشی" ڕۆژی ھەینی بارانبارین بەڕێژەی باش لەو ناوچانەدا پچڕ پچڕ بەردەوامی ئەبێت و شەپۆلەكە بۆ سەنتەری پارێزگای ھەولێر و ناوچە جیاجیاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و كەركوك كاریگەریەكانی درێژ ئەبێتەوە و ھەندێك كات بارانێكی مامناوەند بۆ كەم لەو ناوچانەشدا ئەبارێت".

ئەو شارەزایەی کەسناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو" درەنگانی شەوی ھەینی لەسەر بەرەبەیانی شەممە ڕێژەی بارانەكە بۆ ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە زیاتر ئەبێت و پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە كۆتایی پێدێت''.

بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایەی كەشناسی " لەئەنجامی بەرزی رێژەی شێ و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لەماوەی كاریگەری ئەم شەپۆلەدا زۆركات تەم و مژ دروست ئەبێت، بەگشتی لەناوچە شاخاوییەكاندا لەبەرزی ١٦٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی دەریا ئەگەری بەفر بارین ئەبێت بە نمونە لە سەنتەری حاجی ئۆمەران و لوتكەی شاخی ئەزمەر بەفر ئەبارێت".


PM:09:13:03/01/2024