دۆگڵاس ئۆلیڤانت: ئەگەر عێراق بە فەرمی داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە عێراق بکات، ئەمریکا رازی دەبێت

پسپۆرێکی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمەریكای نوێ، رایدەگەیەنێت" هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەن، ئەگەر حکومەتی عێراق بە فەرمی داوا لە ئەمریکا بکات لە عێراق بچتە دەروە، ئەوە ئەمریکا رازی دەبێت".

دۆگڵاس ئۆلیڤانت، پسپۆری ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمریكای نوێ، لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای نزیک لە پارتی رایگەیاند" سوودانی دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، وەک تاکە رێگەیەك بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان و هەژموونی خۆی لە ناوخۆی عێراق بپارێزێت، هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داواکاری و بانگهێشتی فەرمی حکومەتی عێراق لە وڵاتەکەن، کاتێک حکومەتی عێراق ساڵی ٢٠١١ داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکای کرد لەو وڵاتە، ئەوا ئەمەریکا رازی بوو، عێراقی جێهێشت".

دۆگڵاس ئۆلیڤانت وتیشی" ئێستاش حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای چوونەدەرەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات، ئەوا ئەمریکا رازی دەبێت لە عێراق بچێتە دەرەوە".

ئەو پسپۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمریكای نوێ، جەختی لەوە کردەوە کە گروپە چەکدارەکان لە عێراق لە هەوڵی ئەوەدان تۆڵە لە ئەمریکا بکەنەوە.

" میلیشیاکان سەرۆکوەزیرانی عێراقیان ناچارکردووە لێژنەیەک پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بەبوونی هێزی بیانی لە عێراق بدرێت".( دۆگڵاس ئۆلیڤانت وایوت).

ئەو پسۆرەی ئاسایشی نەتەوەیی لە دامەزراوەی ئەمریكای نوێ، وتیشی"  ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا ئامادەیە بارەگاکانی خۆی بپارێزێت و بەرگری لەخۆی بکات، ئامادە نییە بارەگای هیچ هێزێکی دیکە بپارێزێت، هەروەها ئامادە نییە لەبری هیچ هێزێکی دیکە شەڕ بکات''.

ئه‌مڕۆ هەینی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمێك كردووه‌، كه‌ بۆ ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی له‌ به‌غدا رێكخرابوو، له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند" حكومه‌تی عێراق توانا و ئاماده‌یی بۆ بڕیاری گونجاو له‌باره‌ی پاراستنی سه‌روه‌ری و سه‌قامگیری خاكی عێراقی هەیە، و دوای كۆتایی پاساوه‌كان، بوونی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق كۆتایی پێدێت، هەروەها هێرشی هاوپه‌یمانان بۆسه‌ر باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی پێشهاتێکی مه‌ترسیداره".‌





PM:10:02:05/01/2024