خاوه‌نی نانه‌واخانه‌كه‌ی هه‌ولێر ئازادكرا

کەمێك پێش ئێستا ئیدریس مەسعود، ئەو کاسبکارەی کە پیشەی نانەوایە و ئێوارەی دوێنێ بەهۆی دەربڕینی ناڕەزاییەتی دژی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون، لە هەولێر دەستگیرکرا، ئازادکرا.

مونا یاقو سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" ئیدریس مه‌سعودی نانه‌وا ئه‌و كاسبكاره‌ی دوێنێ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیركرا، ئەمڕۆ ئازادكراوە". 

دوێنێ لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەک دژی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون لە پارێزگای هەولێر، ئیدریس مەسعودی نانەوا دژی ئەو بڕیارە قسەی کرد و داوایکرد چاکسازی لە سەرەوە دەستپیبکات، نەك گوشار لەسەر نانەواخانە و فڕنەکانی سەموون دروست بکەن.

دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئێوارەی دوێنێ هەواڵی دەستگیرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە بڵاوبووەوە کە ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری چالاکوانان و رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە.


PM:12:33:09/01/2024