كه‌شناسی هه‌رێم له‌باره‌ی شه‌پۆلێكی بارانبارین و بەفر زانیاری نوێی ڕاگەیاند

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" بارانبارین بەشێوەى پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوى و سنورییەکانیش بەفرێکى کەم دەبارێت". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەورو هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ زیاتر بوونی خێرای با لە هەندێ کاتدا، بارانبارین بەشێوەی نمە بارانی پچر پچر لە هەندێ کات و ناوچەی جیا جیادا دەبارێت، لە لوتکەی شاخە سنووریەکان بەفربارینی کەم دەبێت، بەشێوەیەکی گشتی لە دواینیوەرۆ ئاسمان بەگشتی دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، هاوکات خێرای با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باکووری خۆرئاوا و مەودای بینین (٨ – ٩)کم دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ (دوو تا سێ) پلەی سیلیزی دادەبەزن. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ لەکاتەکانی بەیانی زوودا بە گشتی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان لە دواینیوەرۆ دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو، هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە کاتەکانی بەیانی زوودا نمە باران دەبێت وە لە ناوچە جیاجیاکاندا بارانی مامناوەند دەبێت، لە دواینیوەرۆ لەسەر بەشێک لە ئیدارەی راپەرین ئاستی دابارین مامناوەند دەبێت، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە کاتەکانی بەیانی ئاسمان نیمچە هەورە پاشان بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت، باران بارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە دوای کاتەکانی نیوەرۆ دەبێت، لە سنووری پارێزگای کرکوکیش لە کاتەکانی ئێوارەدا باران بارین دەبێت، لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و سنوورییەکانیش بەفربارینی کەم دەبارێت، هاوکات خێرای با (١٥ – ٢٥)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (یەک تا دوو) پلە بەرزدەبنەوە. 


AM:11:49:10/01/2024