ڕاوێژکارێکی نێچیرڤان بارزانی "پێویستە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە"

ڕاوێژکارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوام دەبن و خۆشیان باسیان لەوە کردووە کە لە عێراق دەمێننەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم بە میدیاکانی تایبەتە بە  پارتی وتی "کەمکردنەوەی بەشە بودجەی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریکاوە، ھیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییەوە نییە، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی بەرنامەی دیاریکراو بە بێ دواکەوتن پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت و ھێزەکان یەک دەخرێن و فیرقەیەک لە تەواوبووندایە و ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت".
 
بەوتەی زێباری "بەرنامەیەکی باش دانراوە و کاری باشی بۆ دەکرێت، کە قۆناغی یەکەم دوو فیرقە تەواو دەبن و دواتریش فیرقەی دیکە دروست دەکرێن و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە خاوەن کۆمەڵێک فیرقە".

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بابەکر زێباری وتی "ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوام دەبن و خۆشیان باسیان لەوە کرد کە لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوام دەبن".

وتیشی "پێویستە ئەو ھێزانە لە عێراق بمێننەوە ، چونکە جارێ عێراق پێویستی بە ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە".


PM:02:19:10/01/2024