نێچیرڤان بارزانی داوای چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێم دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێم لە بودجەی دارایی فیدراڵی و دەڵێت" فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵك له‌ دۆخێكی زۆر خراپدا ده‌ژین". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە میانی پێشکەشکردنی وتارێكدا له‌ رێوڕەسمی (شەهیدانی میحراب)، رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ و گه‌وره‌ی یاساییمان هه‌یه‌ بۆ پێشكه‌وتن و به‌هێزكردنی پێكه‌وه‌ ژیانی هاوبه‌شی پێكهاته‌كانی عێراق، له‌ ساڵی (٢٠٠٥)وه‌ ده‌ستورێكمان هه‌یه‌، رۆحی ده‌ستور بریتییه‌ له‌ دروستكردنی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سیستمی فیدڕاڵی، داوا ده‌كه‌م هه‌موو پێكه‌وه‌ پابه‌ندی ئه‌و ده‌ستوره‌ بین". 

وتیشی" بەهۆی نه‌بوونی مووچه‌ و بوودجه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵك له‌ دۆخێكی زۆر خراپدا ده‌ژین، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریه‌كی زۆر خراپی كردووه‌ته‌سه‌ر هه‌موو كه‌رته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، زۆر پێویسته‌ ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌زووی چاره‌سه‌ر بكرێت".

بارزانی ڕاشیگەیاند" چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رپرسیارێتی هه‌موومانه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانبه‌رانی به‌شێكن له‌ عێراق، بۆیه‌ داوا له‌ ته‌واوی سه‌ركرده‌ و لایه‌نه‌كان و فراكسیۆنه‌كان و هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌م پشتیوان بن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بوودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان". 

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، هێرشکردنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە، کاری حکومەت تێکدەدات و ئاستەنگ دەخاتە سەر ڕێباز و بەرنامەکانی و لە ئەنجامدا چەندین ئاڵۆزی فرەلایەنە لە عێراقدا دروست دەبێت کە زیانێکی زۆریان بە ئاسایش و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەیاند. 


PM:01:31:13/01/2024