حەوت کەس لە فڕۆکەخانەی کەرکوک بە پاسپۆرت و ڤیزەی ساختەوە دەستگیر دەکرێن

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک ٧ کەس بە پاسپۆرت و ڤیزەی ساختەوە کە دەیانویست بەرەو دەرەوەی وڵات گەشت بکەن، دستگیر کران و لە ناویاندا ژن و منداڵی ساوای تێدا بووە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" حەوت کەس لە فڕۆکەخانەی کەرکوک بە پاسپۆرت و ڤیزەی ساختەوە کە کەسانە ویستویانە بەو پاسپۆرت و ڤیزە ساختانەوە لە فڕۆکەخانەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن دەستگیرکران".

هەردی سەمەد ئاماژەی بەوەشداوە کە لەم ٧ کەسە دووانیان پاسپۆرت و ڤیزەی ساختەی دۆمینیکیان پێ بوو و چواریان ڤیزەی ساختەی ئیتاڵیا بە پاسپۆرتەکانیانەوە بووە و ئەوی دیکەشیان ڤیزەی ساختەی ئەڵمانیا لەسەر پاسپۆرتەکەی بووە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک وتیشی" ئەو حەوت کەسەی دەستگیرکراون، دووانیان هاوڵاتی سووریایین و ئەوانی دیکە عێراقین، بەڵام هیچ کامیان کورد نین و لە ناویاندا دوو ژن و منداڵی ساوای تێدا بووە".

جەختی لەوەشکردەوە کە لە دوای دەستگیرکردنیان، هەر ٧ کەسیان رەوانەی بنکەی پۆلیسی دۆمیزی کەرکووک کراون.



 



PM:02:53:15/01/2024