بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە هەولێر ڕاگەیەندرا

پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ماتەمینی لە شارەکەدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئێران دێت، کە گیانلەدەستدانی چەند کەسی لێکەوتەوە .

لە بڵاوکراوەیەکدا پارێزگاری هەولێر، ئۆمێد خۆشناو رایگەیاند" بەهۆی ئەو پەلامار و موشەکبارانە ناڕەوایەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر شارەکەمان، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و شەش هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی شەهیدان دەکەین".

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و لە خودای گەورە داواکارین شەهیدانی ئەو پەلامارە بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای بریندارەکان بدات.

ئاماژە بەوەشدەکات، بە توندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەو پەلامار و هێرشە ناڕەوا و زاڵمانەیە دەکەین، کە خەڵكی سڤیل و بێتاوانی کردە ئامانج، لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی ٣ رۆژ ماتەمینی گشتیی ڕادەگەیەنین.

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک ناوچە مەدەنییەکانی شاری هەولێری کردە ئامانج و بەو هۆیەوە (٤) هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیتریش بە سەختی برینداربوون.


PM:08:13:16/01/2024