شاناز ئیبراهیم: دەبێت سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنرێت

خانمی یەکەمی عیراق لەبەیاننامەیەکدا کە میدیای فەرمی یەکێتی بڵاوکراوەتەوە، ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەکات و رایدەگەیەنێت"ھیچ بیانوویەک نییە بۆ چەندبارەبوونەوەی بۆردوومان، دەبێت سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنرێت".
 
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق رایگەیاندووە" بەنیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو دۆخە ئاڵۆزە ئەکەین کەشەوی ڕابردوو بەھۆی بۆردوومانە ھەڕەمەکیەکانی سەر شاری ھەولێرەوە سەریھەڵدا کەجگە لەدروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ، ژمارەیەک ھاوڵاتی بێ تاوان بوونە قوربانی، بەردەوامیی ئەم ھێرش و پەلامارانە کەلەناوچە سنورییەکانەوە دەستیپێکرد و ئێستاش ناو شارەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ژیان و ئارامی و سەقامگیری دەشێوێنێت".

وتیشی"ھیچ بیانوویەک نییە بۆ چەندبارەبوونەوەی بۆردوومان و بەزاندنی کایەی ئاسمانی و سەروەری خاکی عیراق، دەبێت سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنرێت کەپێشێلکارییەکی تەواوی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و ھاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".

شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک ناوچە مەدەنییەکانی شاری هەولێری کردە ئامانج و بەو هۆیەوە (٤) هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیتریش بە سەختی برینداربوون.

PM:08:56:16/01/2024