پەرلەمانی عیراق شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی دەستنیشان کرد

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، كاندیدێكی دەرنەچووی حزبی تەقەدوم بۆ شوێنگرتنەوەی محەمەد حەلبوسی وەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، پەسەند دەكات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤،  ئەمیندارییەتی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە نوسراوێكی کە بڵاویانکردەوە ڕایانگەیاند" ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆبوونەوەیەكدا بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدی شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی، بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بورهان ناسڕ نەمراوی، كە كاندیدی دەرنەچووی حزبی تەقەدومە لە پارێزگای ئەنبار، لەشوێنی حەلبوسی وەك ئەندامی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری بكرێت".

لە نوسراوەكەدا هاتووە، بورهان ناسڕ، كاندیدی دەرنەچووی هاوپەیمانی تەقەدوم لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، زۆرترین دەنگی كاندیدە دەرنەچووەكانی لیستەكەی بەدەستهێناوە كە شەش هەزارو ٧١٦ دەنگ بووە، بەو پێیەش لەشوێنی حەلبوسی دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەمە لەکاتێکدایە کە کە ١٤ی ١١ی٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدراڵی دوای چەندین سكاڵا دژی حەلبوسی، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.


PM:06:52:18/01/2024