باندێکی ساختەکردنی مامەڵەی خانەنشینی لە عێراق دەستگیر دەکرێن

دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق باندێکی ساختەکردنیان دەستگیرکردوە کە مامەڵەی خانەشینی قوربانیانی تیرۆریان ساختە کردبوو.
 
ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندووە" دەستگیرکردنی گەورەترین و مەترسیدارترین تۆڕی گەندەڵکار رادەگەیێننین، کە لە ساختەکردنی مامەڵەی خانەشینی قوربانیانی تیرۆرەوە گلاون، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیان لە ئەنبار و بەغدا و سەلاحەدین کراوە، ژمارەیان ٣٤ تۆمەتبار بووە و هەندێکیان فەرمانبەری دەستەی خانەشینی گشتی و لقەکانی ئەو دەستەیە بوون".

ئاماژەی بەوەشداوە کە بەڕێوەبەری پێشووی خانەنشینی سەلاحەدین و بەڕێوەبەری پێشووی هۆبەی قوربانیانی تیرۆر لە خانەنشینی ئەنبار دوو لە تۆمەتبارەکانن، و ئەندامانی ئەو باندە، مامەڵەی خانەشینیان بەناو و وێنەی وەهمیەوە ساختە کردووە. 

ساختەکردنی ئەو مامەڵانە لەساڵی ٢٠١١ەوە دەستیپێکردووە، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی سێ مانگ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە کردووە.
 
بڕی ئەو پارەیەی کە وەرگیراوە بۆ هەندێک لە مامەڵەکان گەیشتووەتە پێنج هەزار دۆلار، تێکڕای زیانەکانی ئەو دۆسیەی گەندەڵییەش بە یەک تریلیۆن و ٣٢ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
 



AM:10:03:20/01/2024